سەرۆكی هەرێمی كوردستان هۆكارەكانی نەمانی متمانە و قوڵبوونەوەی كێشەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ عەممار حەكیم دەخاتەڕو و رایدەگەیێنێ، هەر چارەسەرێك هەبێت دەبێ بەشێوەیەك بێت كۆتایی بە سەرهەڵدانەوەی كارەسات و نەهامەتییەكان لە دژی گەلی كوردستان بێت.
رۆژی شەممە 4-2-2017 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەمار حەكیم، سەرۆكی هاوپەیمانێتی نیشتمانیی عێراقی و ژمارەیەك نوێنەر و سەركردەی پارتە سیاسییەكانی نێو هاوپەیمانێتییەكە كۆبووەوە.
بەپێی هەواڵ دەری ئەهلی بەیت ع.ابنا: عەمار حەكیم سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە عێراقییەكانی بەرامبەر چەكدارانی داعش و یەكڕیزی و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق لە شەڕی ئازادكردنی موسڵ بەرزنرخاندووە.
وێڕای ئاماژەدان بە مێژوو و ئەزموونی هاوبەشی لایەنەكان لە دژایەتیكردنی دیكتاتۆری و هەروەها تەحەدیات و ئەو دەرفەتانەی ئێستا لەبەردەم لایەنە عێراقییەكاندان، جەختی لەوە كردووەتەوە پێویستە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و هاوپەیمانێتیی نیشتیمانی بكرێت و خاڵە لاوازەكان و كەموكورتی و كێشەكان چارەسەر بكرێن.
بەبۆچوونی عەممار حەكیم، ئەوەش لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی تەسویەی سیاسی و پێكهێنانی لیژنەی هاوبەشی سیاسی و حكومی و حیواری بەردەوام بۆ لێكزیككەوتنەوە و جێگیركردنی بنەما سەرەكییەكانی عێراقی تازە دێتەكایەوە كە هەموو لایەك تێیدا هاوبەشن.
ناوبراو هێمای بە سەردانەكەی بارزانی و شاندی كوردستان بۆ بەغدا كردووە لە ئەیلوولی رابردوودا و رایگەیاندووە، هاتنیان بۆ كوردستان بەدواداچوونی دەرەنجامەكانی سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدایە. باسی ئەوەشی كردووە ئەزموونی هەماهەنگیی سەربازی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق و شەڕی تیرۆر و مێژووی خەباتی هاوبەش پاڵنەری سەرەكین بۆ لەیەكترنزیكبوونەوە و چارەسەركردنی كێشەكان.
لەبەرامبەردا بارزانی باسی ئەو نەهامەتییانەی كردووە كە لەلایەن حكومەتەكانی عێراق بەسەر گەلی كوردستاندا هێنراون لە قۆناغی دروستبوونی عێراق هەتا رووخانی رژێمی بەعس، ئاماژەی بەو پێشێلكارییانەش كردووە كە لەدوای 2003 وە دەرهەق بە گەلی كوردستان كراون.
بارزانی جەختی لەوە كردووەتەوە گەلی كوردستان لەدوای رووخانی بەعس هەموو هەوڵێكی داوە بۆ بنیاتنانی عێراقی تازە، بەڵام هەروەك قۆناخی پێشوو كار بۆ تێكدانی شەراكەت و پێشێلكردنی مافەكانی گەلی كوردستان و زاڵكردنی زمانی زۆرینە و دواجار بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان كراوە.
بارزانی ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ئەم هۆكارانە بوونە هۆی نەمانی متمانە و قووڵبوونەوەی كێشەكان، بۆیە هەر چارەسەرێك هەبێت دەبێ بەشێوەیەك بێت كۆتایی بە سەرهەڵدانەوەی كارەسات و نەهامەتییەكان لە دژی گەلی كوردستان بێت.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە تێبینی و بۆچوونی پارتە سیاسییەكانی نێو هاوپەیمانێتیی نیشتیمانییان لەبارەی بارودۆخی سیاسی و چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا خستووەتەوە .